کتێبی کورد بوون، بەشێکە لە بیرەوەرییەکانی نەمر کاپیتان محەممەد مەولوودیان یا حەمەدی مەولوودی ، کە ٥١ ساڵ دوای نووسینەوەی بڵاوی دەکرێتەوە.
ناوبراو شایەدی شەڕی نێوان قەیسەری ڕووس و سوڵتانی عوسمانی لە سابڵاخ و ڕەشەکوژی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن قەزاقەکانی ڕووسەوە بووە. ئازادکردنی سابڵاخ لەلایەن سمایل ئاغای شکاک (سمکۆ)ـەوە بە چاوی خۆی دیتووە. دەگەڵ کۆمەڵێک لە لاوانی سەردەمی خۆی لە ساڵی ١٩٣٩ز یەکەمین حیزبی مۆدێڕنیان لە ڕۆژهەڵاتیی کوردستان بونیات نا بەناوی (حیزبی ئازادیی کوردستان) کە پاشان کرا بە (کۆمەڵەی ژ.ک) و لە ئاکامدا بوو بە (حیزبی دیموکڕاتی کوردستان).
لە ساڵی ١٩٤١ز وەک سەرۆکی شارەبانی مەهاباد (ئیدارەی پۆلیس) لەو شارە خزمەت دەکات. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پلەی کاپیتان وەردەگرێ و لەوکاتەوە بە هۆی ئەو قارەمانەتییانەی لەخۆی پێشانی دابوو بە (کاپیتان حەمەدی مەولوودی) ناوی دەرکرد. ناوبراو ڕاستەوخۆ لە لایەن پێشەوا قازی محەممەدەوە ئەمری وەرگرتووە و بە خۆی و بە پێشمەرگەکانی، وەک فیدایی چاویان لێدەکران و دژوارترین ئەرکەکانیان پێدەسپاردن کە بیرەەوەرییەکانی لەو بارەوە پڕن لە زانیاری نەبیستراو و تازە و دەگمەن کە تێیدا دەچێتە ناو ناخی ڕووداوەکان، کەمایەسییەکان، گومانەکان و ئازارەکان. کەس هەڵنابوێرێ و ڕاستگۆیانە ئەسکوێ لە بنی مەنجەڵ دەدا و بەڕە لەسەر هەتیو هەڵدەداتەوە. کۆمەڵێک ڕووداو باس دەکات کە تا ئێستا وەک ڕازی سەربەمۆر مابوونەوە.
چ بکەم؟ کوردم و زۆرلێکراو. بەوە دڵخۆشی خۆم دەدایەوە کە منداڵەکانم لەوانەیە ئێستا لێم تێنەگەن بەڵام کە گەورەبوون و زوڵمی عەجەمانیان دیت، دەزانن کە باوکیان بۆ ئەو ژیانەی هەڵبژاردووە؟! ئەوکات دەزانن کوردبوون یانی چی! - حەمەدی مەولوودی
کاپیتان بە هۆی ئەو سەرکەوتنە گەورانەی بۆ کوردستان تۆماریان دەکات، پلەی بەرز دەبێتەوە بو مایۆر (سرگرد - ڕائید) و هەروەها پێشەوا قازی محەممەد ناسناوی (قارەمانی کوردستان)ی پێدەبخشێ. لە دوای تێکچوونی کۆمار، کاپیتان حەمەد و پێشمەرگەکانی خۆ بەدەستەوە نادەن و تا دوا فیشەک شەڕ دەکەن. ئینجا دەگەڵ ئەفسەرە کوردەکانی باشوور، خۆیان ڕادەستی حکومەتی عێڕاق دەکەنەوە کە بەداخەوە ئەفسەرە قارەمانەکان لە سێدارە دەدرێن و کاپیتانیش نیزیک دوو ساڵان زیندانی دەکرێ.
لەو ماوەیەدا دەوڵەتی ئێران بۆ وەرگرتنەوەی کاپیتان، بڕە پارەیەکی زۆر دەکاتە خەڵات بۆ هەرچەشنە سەرەداوێک بۆ بەدەسوتەوەدانی کاپیتان و لەولاشەوە شێلگیرانە گوشار دەخاتە سەر دەوڵەتی عێڕاق. بە هەوڵ و تێکۆشانی کوردانی مەردی باشوور، لە زیندان ڕزگار دەکرێ و لە گوندی "خەلان و زینوێ شێخی" لە سێبەری حەزرەتی شێخ عەلائەدین نەقشبەندیدا دەگیرسێتەوە، بەڵام دیسانیش دەوڵەتی ئێران تەنگی پێ هەڵدەچنێ و داوای دەکاتەوە، بۆیە بە ناچار بە پێیان و بە شاخاندا ڕێگای شۆڕەوی (سۆڤیەت) دەگرێتە بەر و لە ئاراس دەپەڕێتەوە.
لە شۆڕەوی دوو ساڵان لە زیندانەکانی "سیبێریا" دەیگرن و بێگاری لێ دەکێشن. ئینجا ئازاد دەکرێ و مافی پەنابەرییەتی پێدەدەن و تا کۆتایی تەمەنی (١٩٧٩ز) لە ئازەربایجانیی شۆڕەوی نیشتەجێ دەبێ. لە ساڵی ١٩٧٢ بیرەوەرییەکانی خۆی دەنووسێتەوە کە بەسەرهاتی ئەو دەستنووسانەش خۆی داستانێکە... کاک وریا ماملێ ساخی کردۆتەوە، بەڵگەمەندی کردووە و کۆی کردۆتەوە. هەروەها مامۆستا شێرکۆ هەژار موکریانی پێشەکیی بۆ نووسیوە. هونەرمەند دڵزار عابیدی میوزیکی بۆ ئامادە کردووە و موشتاق فەیزیابی لە پۆدکەستی ڕێگا دەیخوێنێتەوە.
ئێوە دەتوانن لە گشت پلاتفۆڕمەکانی جیهانیی دەنگ لە ڕێگای پۆدکەستی ڕێگاوە گوێبیسی ئەو کتێبە بن.
Comments